ئەبو حسێن حمێداوی: ڕێگە نادەین ئاژاوەگێڕی دروستببێت

پووختەى هەواڵەکە

  • ئەمینداری کەتیبەکانی حیزبوڵا: سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین لە پاڵ حیزبوڵا وەستاون

  • ئەبو حسێن حمێداوی: سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکەین ڕەتیان کردەوە پێکدادان ڕوو بدات.

  • ئەبو حسێن حمێداوی: ئەو کێشانەی هەن بە گفتوگۆ چارەسەریان دەکەین.

  • زەیدی: ژیان و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتییان بپارێزن.


ئەبو حسێن حمێداوى، ئەمیندارى کەتیبەکانى حیزبوڵاى عێراق، ڕاگەیێنراوێکى نووسراوى لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەوانى بڵاوکردەوە و دەڵێت، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین لە پاڵ حیزبوڵا وەستاون، دەشڵێت، سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکەین ڕەتیان کردەوە پێکدادان ڕوو بدات.


ناوەڕۆکى ڕاگەیێنراوەکەى حمێداوی

  • سوپاس و پێزانینی زۆرم ئاڕاستەی سەرجەم برا و خوشکم لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق دەکەم.

  • ئەوانەی بەشدارییان کردووە و بەشدارن لە هەڵمەتی بەرگریکردن لە چەکدارانى مقاوەمەى ئیسلامیی

  • لە بەرامبەر ئەو هێرشە دڕندانەیەی کە لە لایەن هێزەکانی خۆبەزلزانیی جیهانییەوە دەکرێتە سەری.

  • وەک هەوڵێک بۆ لەکەدارکردن و لاوازکردنی خۆڕاگری و شکۆمەندییەکەی.

  • هەمووشمان متمانەی تەواومان بە بەڵێن و سەرکەوتنی خودای گەورە هەیە.

  • پێزانینی زۆری خۆمان دەردەبڕین بۆ هەڵوێستی برایانمان لە حەشدی شەعبی.

  • ئەو یەکگرتوویی و هاوسۆزییەی کە لەگەڵ براکانیان لە مقاوەمەى ئیسلامیی شەرەفمەند نیشانیان دا.

  • هەروەها سڵاوی شانازی و ڕێز ئاڕاستەی ڕۆڵەکانمان لە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بە هەموو جۆر و پێکهاتەکانیانەوە دەکەین.

  • کە ڕەتیان کردەوە جگە لە تۆمارکردنی هەڵوێستێکی برایانە و بەرپرسیارانە هیچ شتێکی دیکە بکەن.

  • هاوکات هەر جۆرە بەریەککەوتنێکیان ڕەتکردەوە کە ببێتە هۆی خزمەتکردن بە دوژمنان.

  • هەروەها حاشایان لە هەڵوێستی ئەوانە نەکرد کە لە تەنیشتیان وەستان و بەرگرییان لێکردن و بە جەستەی خۆیان بەشدارییان کرد لە پاراستنی عێراق لە ڕۆژانی ڕزگارکردن و قۆناغەکانی دواتریشدا.

پەیامى تایبەت بۆ چەکدارانى حیزبوڵا:

  • ئێوە ئارامتان گرت و بەروبوومی ئارامگرتنتان بەدەستهێنا.

  • پیرۆزتان بێت و منیش شانازیتان پێوە دەکەم.

  • ئێوە نێوچەوانی گەشاوەی ئوممەت و سەرچاوەی شکۆمەندی و شەرەفی بەرزی ئەون.

  • ئێوە ئەرکی سەر شانی ئوممەتتان بە جێگەیاند.

  • شتێکتان پێشکەش کرد کە جگە لە خودای گەورە و باڵادەست کەس ناتوانێت پاداشتتان بداتەوە.

  • ئێوە شمشێر و دەستی خودان لەسەر زەوی و حیزبە دەستپاکەکەی ئەون.

خۆشەویستانم، براکانم، ڕۆڵەکانم و گلێنەی چاوم

بە شەرمەوە لە بەردەم خۆڕاگری، قوربانیدان، ئازایەتی، لە خۆبوردوویی، خاکەڕایی و توانەوەتان لە زاتی خودادا دەوەستم؛ چونکە ئێوە هیوان، و ئێوە گەنجینەی خودان بۆ سەرخستنی بەندە چەوساوەکانی.

ئەی ڕۆڵەکانی پێغەمبەری خودا و عەلی و ئیمامە مەعسوومەکان و هاوەڵە چاک و هەڵبژێردراوەکان، ئەی ڕۆڵەکانی ئیمام خومەینیی مەزن و ئیمام خامنەییمان، و ئەی ڕۆڵەکانی سەید محەمەد باقر سەدر، سەید محەمەد باقر حەکیم، حاجی قاسم سولەیمانی، موهەندیس، نەسروڵڵا و سەفییەکەی (سەفیەدین).

بە دڵنیاییەوە خودا نیعمەتی جیهادی بە ئێمە و ئێوە بەخشیوە کە دەرگاکەی تەنیا بۆ دۆستە تایبەتەکانی خۆی کردووەتەوە، بۆیە تاوەکو دەتوانن ئەم نیعمەتە بقۆزنەوە تاوەکو وەک ئەوە بن کە پێغەمبەری پایەبەرزمان ویستوویەتی وابن.

کەواتە یەکترتان خۆشبوێت، سۆز و میهرەبانیتان بۆ یەکتر هەبێت، یەکتر لە پێش خۆتانەوە دابنێن، با هەندێکتان پارێزگاری لە هەندێکی ترتان بکات لە نهێنی و ئامادەنەبوونیدا، هەروەها لە خێزان و ماڵ و سامانیدا؛ و نهێنیی کار و چەکەکانتان بپارێزن، چونکە ئەوانە تایبەتن بە گەورەمان ئیمامی مەهدی (خودا دەرکەوتنی پیرۆزی پێش بخات)، و ئامۆژگاریی ئێوە و نەفسی خۆشم دەکەم کە وەک ئەوە بن کە خودا ویستوویەتی: توند و بەهێز بن بەرامبەر بێباوەڕان و میهرەبان و بەبەزەیی بن لە نێوان خۆتاندا.

Loading related news...