
ناکۆکییەکان لەسەر ماددەکانى پەیوەست بە هەرێمى کوردستان هۆکارن.
ئەگەر تاوەکو سێى مانگى داهاتوو پڕۆژەکە نەگاتە ئەنجوومەنى نوێنەران، پەسەندکردنى دەکەوێتە ساڵى داهاتوو.
دیلان غەفوور، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى گوت، پڕۆژەیاساى بودجەى 2027ـى عێراق، ڕووبەڕووى ژمارەیەک بەربەست بووەتەوە و هێشتا ڕێککەوتنى کۆتاییان لەسەر نەکراوە، لەوانەش بڕى کورتهێنان و دیاریکردنى نرخى بەرمیلێک نەوت.
یەکێکى دیکە لە ئاستەنگییەکانى بەردەم تێپەڕاندنى بودجە.
بەردەوامیى ناکۆکییە لەسەر ئەو ماددەیەى تایبەتە بە هەرێمى کوردستان.
تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنى لەسەر نەکراوە.
کێشەى جورفولسەخریش هۆکارێکى دیکە بووە بۆ دواکەوتنى پەسەندکردنى پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنى وەزیران.
هەرێمى کوردستان و عێراق، لە بارەى پشکى هەرێمى کوردستان و هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، هێشتا زۆر دوورن لە یەکدى.
لە پڕۆژەکەدا هەناردەى 445 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە بۆ هەرێمى کوردستان دیاریکراوە.
حکومەتى عێراق بڕوای وایە هەرێمى کوردستان دەتوانێت زیاتر لە 260 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات.
بەڵام هەرێمى کوردستان تەنیا ڕەزامەندى لەسەر 250 هەزار بەرمیل پیشانداوە.
هەوڵ هەیە هەفتەى داهاتوو پڕۆژەیاساى بودجە لە ئەنجوومەنى وەزیران دەنگى لەسەر بدرێت.
بەڵام ئەوەش ئەستەمە.
ئەگەر پێش سێى کانوونى یەکەم پڕۆژەکە نەگاتە ئەنجوومەنى نوێنەران، ئەوا پەسەندکردنى دەکەوێتە ساڵى داهاتوو.
بەو پێیەى ئەنجوومەنى نوێنەران لەو وادەیەوە دەچێتە پشووى وەرزى یاسادانان و تاوەکو سەرەتاى ساڵى داهاتوو بەردەوام دەبێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، بە گوێرەى زانیارییەکانی کەناڵ8، حکومەتی عێراق فشارێکی زۆری لەسەرە بۆ پەسەندکردنی ڕەشنووسی بودجە، بە ئەگەرێکى زۆرەوە لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجوومەنی وەزیران ڕەشنووسی پڕۆژەکە پەسەند دەکات و لە کۆتایی هەفتەدا ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دەکات.
فشار لەسەر حکومەتی عێراق هەیە تاوەکو هەفتەی داهاتوو بودجە بنێرێتە ئەنجوومەنى نوێنەران
