لە عێراق حەوت فەڕەنسى بەتۆمەتى ئەندامێتى لە گرووپى داعش دادگایی کران

پووختەى هەواڵەکە

  • دوان لە دەستگیرکراوەکان، لە دەزگاى میدیایی و ڕیکلامى ڕێکخراوەکەدا کاریانکردووە.

  • بڕیارە لە 26ـى ئەم مانگە دادگا دوا بڕیار لەسەر تۆمەتەکانیان بدات.

  • دادگا داواکارییەکى یەکێک لە داعشەکانى ڕەتکردوەتەوە.


لە دادگاییەکەدا، شەش تۆمەتبار لە کۆى حەوت تۆمەتبار دانیان بەوەداناوە ئەندامى گرووپى داعش بوون، تەنیا یەکێکیان نەبێت بە ناوى (مالیک حسین) تۆمەتى ئاڕاستەکراوى ڕەتکردووەتەوە.


داعشە دەستگیرکراوەکان

  • یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بەناوى (ئەدریان گیال) لە دانیشتنى دادگادا خواستى خۆى بۆ گەڕانەوە بۆ فەڕەنسا خستووەتەڕوو.

  • دووپاتیشیکردووەتەوە، وەک وەرگێڕ لە دەزگاى میدیایی داعش کارى کردووە.

  • بەشداریی لە کردەوە سەربازییەکاندا نەکردووە.

  • گیال بە خاوەنى ئەو دەنگە دادەنرێت کە بەرپرسیارێتى داعشى لە هێرشەکەى 14ـى تەمموزى 2016 شارى نیسى لە باشوورى فەڕەنسا ڕاگەیاند.

  • کە بەهۆیەوە 86 کەس کوژران.

  • هەروەها لە دادگاییەکەدا گوتوویەتى، وازى لە بیرى داعش و ڕەفتارەکانى هێناوە و زۆر گۆڕاوە، ئێستا کەسێکى باشە.

پرسیار و وەڵامەکانى ناو دادگاییەکە

کاتێک دادوەر پرسیارى لێکردووە، ئایا لە چوونى بۆ ناو داعش خۆى بە تاوانبار دەزانێت، لە وەڵامدا گوتوویەتى، لەسەدا سەد خۆى بە تاوانبار دەزانێت، نەک لە بڵاوکردنەوەى ترس و تۆقاندن.

دادگا داواکارییەکى یەکێک لە داعشەکانى ڕەتکردوەتەوە

هەر لە دانیشتنەکەدا دادوەر داواکارییەکەى تۆمەتبار (کانتان لوبران)ـى ڕەتکردەوە کە داوایکردبوو دادگاییەکەى لە پشت دەرگا داخراوەکاندا بێت.

لوبران، کە پێشتر لە ڕیکلامەکانى داعشدا دەرکەوتووە، دانى بەوەداناوە وەک وەرگێڕ کارى کردووە و بەشداربووە لە دیزاینى بڵاوکراوە میدیاییەکانى داعش.

عێراق ساڵى ڕابردوو 47 هاوڵاتى فەڕەنسى کە بەتۆمەتى داعشبوون دەستگیرکرابوون لە سووریا وەرگرت، لە مانگى ئەیلوولى ڕابردووەوە دادگاییکردنیانى دەستپێکردووە، لە ماوەکانى ڕابردووشدا 16 کەسیان سزایان بۆ دەرچووە و زۆرینەیان سزاى زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.

بڕیارە دادگا لە 26ـى ئەم مانگە دوا بڕیار لەسەر تۆمەتەکانى ئەم حەوت فەڕەنسییە بدات.

Loading related news...