
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی، ئەم هەفتەیە قۆناغی یەکەمی نەوتی سپی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت.
سروە محەممەد ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، زانیارییان هەیە لەو 100 ملیۆن لیتر نەوتەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی بۆ هەرێمی کوردستان دایناوە، بڕیارە قۆناغی یەکەمیان ئەم هەفتەیە ڕەوانە بکات.
ئەو 100 ملیۆن لیتر نەوتە بە دوو قۆناغ ڕەوانە دەکرێت.
بەگوێرەى پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت .
سەرەتاش بەسەر هاونیشتمانییانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەش دەکرێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەفتەی پێشوو ڕەزامەندی لەسەر نووسراوێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنەکە دەربڕیوە، بەمەبەستی ئاڕاستەکردنی بۆ وەزارەتی نەوت و داوا دەکات، نەوتی سپی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.
بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە نووسراوەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بچێتە وەزارەتی نەوت.
وەک پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی، بەدواداچوون بۆ نووسراوەکە دەکەین.
وەزارەتی نەوتی عێراق، زیاتر لە هەفتەیەکە دەستیکردووە بە دابەشکردنی نەوت لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا دابەشکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ نەکردووە.
وەزارەتی نەوتى عێراق، یەک لیتر نەوتی سپی بە 150 دینار دەدات بە هاوڵاتییان 200 لیتر دەکاتە 30 هەزار دینار، بەڵام 200 لیتر نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان بە 100 – 105 هەزار دینار بە هاونیشتمانییان دەدرێت.
