
یەکەم پۆستەری فیلمی سینەمایی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" بڵاوکرایەوە و وادەی نمایشکردنی نزیکە.
لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا، بەرهەمهێنەرانی فیلمی سینەمایی زەوی سەخت و ئاسمان دوور، لە بەرهەمهێنانی دەزگای کولتووریی غەزەلنووس و دەرهێنانی هەوراز محەمەد، یەکەم پۆستەری هونەریی فیلمەکەیان بڵاوکردەوە.

سکرینپلەی ئەم فیلمە، بەشێوەیەکی هاوبەش، هەریەک لە هونەرمەندانی هەوراز محەمەد و مەنسور تەیفووری داڕشتنەوەیان بۆ کردووە، سالم سەڵەواتی ئەرکی بەڕێوەبردنی وێنەگرتنەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
هەوراز محەمەدی دەرهێنەر پێشووتر بە کەناڵ8ـی راگەیاندبوو، فیلمەکە سەبارەت بە پیشاندانی جوانیی سروشتی کوردستانە لە وەرزی زستاندا.

وەکو ئاشکرا کراوە، بەم نزیکانە وادەی نمایشکردنی لە تێکڕای سینەماکانی باشووری کوردستان دەستپێدەکات.

فیلمی سینەمایی زەوی سەخت و ئاسمان دوور، چەند ئەکتەرێکی چوار پارچەی کوردستان بەشدارییان تیادا کردووە، پرۆژەی بەرهەمهێنانی فیلمێکی داستانیی سینەماییە، بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی ژمارەیەک هونەرمەند و سینەماکارە، کە دەیانەوێت، لە چوارچێوەی ژانرای نهێنییدا و لە فۆڕمێکی شیعرییدا، درامایەک بخولقێنن کە هەستێکی ریاڵیزمی جادوویی دەبەخشێت.
ناوەڕۆکی ئەم فیلمە، سەبارەت بە پیشاندانی وێنەی تێکشکاویی مرۆڤە لە پاش جەنگ.
