
بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بۆ نزمترین ئاست دابەزی و 30 ملیۆن تمەن بەرامبەر 100 دۆلارە.
پێش جەنگ 100 دۆلار بەرامبەر 17.6 ملیۆن تمەن بوو.
یەک ملیار تمەنى ئێرانى بە 3,333 دۆلارە.
بەگوێرەى بازاڕەکانى ئاڵوگۆڕى دراو لە تارانى پایتەختى ئێران، 100 دۆلار بەرامبەر بە 30 ملیۆن تمەنە و لە هەرێمى کوردستانیش بە حەواڵە بەهەمان نرخە، بە کاش 29 ملیۆن تمەنە بۆ هەر 100 دۆلارێک، هاوکات یەک ملیار تمەنى ئێرانیش بە سێ هەزارو 333 دۆلارە.
لە هەرێمى کوردستان تەنیا بەشێک لە بازرگانان مامەڵە بە تمەنەوە دەکەن، کە کاڵا و پێداویستى لەو وڵاتەوە هاوردەى هەرێمى کوردستان و عێراق دەکەن.
بەهاى تمەنى ئێرانى بەرامبەر دینارى عێراقیش دابەزینى تۆمار کردووە و یەک ملیۆن تمەن بەرامبەر پێنج هەزار و 500 دینارە و 100 هەزار تمەنیش بەرامبەر 550 دینارە.
جەنگ و گەمارۆى ئابووریى دەریایی بەرۆکى ئابووریی تاران بەرنادەن و بەهاى دراوەکەشى داڕماوە و نزمترین ئاستى تۆمار کردووە.
بە گوێرەى داتاکانی بازاڕ، لە 27ـی شوبات و تەنیا یەک ڕۆژ پێش دەستپێکی جەنگ، 100 دۆلار بەرامبەر 17 ملیۆن و 600 هەزار تمەن بوو، بەڵام دابەزینى بۆ خانەى 30 ملیۆن تمەن، بووە هۆى لەدەستدانى 41.4%ـى بەهاى دراوەکەى بەرامبەر دۆلار.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆتایی مانگى ئەیلوولی ئەمساڵ ڕایگەیاند، بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار بۆ کەمترین ئاست لە مێژووی خۆیدا دابەزیوە و بەمزووانەش دەگاتە 30 ملیۆن تمەن بۆ هەر 100 دۆلارێک.
هۆکارەکەشى جەنگى ئیسرائیل و ئەمریکا بووە بەرامبەر بە تاران و گەمارۆی ئابوورى و دەریایی لەسەر ئەو وڵاتە، بەتایبەت گەمارۆى دەریایی لە 13ـى ئایارى ئەمساڵەوە خراوەتە سەر ئێران و بووەتە هۆى ئەوەى فرۆشتنى نەوتەکەى بگاتە ئاستى سفر لەڕێگەى دەریاوە.
ئەمریکا پەرە بە پلانێک دەدات تێیدا سزای ئابووری وەک چەکێکی کاریگەر بەرامبەر ئێران بەکاردەهێنێت، لە بەرامبەردا ئێران هۆشداریی داوە هەر وڵاتێک لەم سزایانەدا هاوکاریی ئەمریکا بکات سزا دەدرێت، چونکە ئەم کارە بە تاوانێکی گەورە و تیرۆری ئابووری بەرامبەر بە گەلەکەیان هەژمار دەکەن.