لە پشت ئەم دەرگاوە چیرۆكی کەمدەرامەتییەکی تاڵ خۆی حەشارداوە.
لەم ماڵە، سەرما و ژیانێکی پڕ لە نەداری پێشوازیمان لێدەكەن.
لێرە دایکێک و چوار منداڵی، لە نێوان دیوارە ساردەكانی خانوویەكی كرێدا، بە كولەمەرگی ژیان دەگوزەرێنن، سێ مانگ لەمەوبەر، كۆڵەكەی ئەم ماڵە رووخا، کاتێک باوكیان كە پیشەی مامۆستا بووە كۆچی دوایی كرد، کۆچی یەکجاری ئەو، ئەم خێزانەی بە بێ سەرپەرشت و بێ بژێوی جێهێشت. هەژاری ئەوەندە تەنگی پێهەڵچنیبوون، تەنانەت مەرگیش نەیتوانی دەرفەتی پرسەیەكیان پێبدات.
سێ لە منداڵەكانی ئەم دایکە لەبەر نەبوونی، دەستبەرداری خوێندن بوون.
ئازارەکە لێرە تەنیا بێ بژێوی نیە.
نەخۆشییەكی درێژخایەن یەخەی هەردوو كوڕەكەی گرتووە.
جەستەیان بەردەوام پێویستی بە دەرمانە.
بەڵام گیرفانی بەتاڵ ڕێگەی دەرمانخانەی لێ سنووردارکردوون.
چەند مانگێكە كرێی خانوویان نەداوە.
خاوەن خانوو داوای چۆڵكردنی دەكات.
دۆخی سەختی خێزانی ئەو مامۆستا كۆچكردووە، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی هێنایە ئێرە تاوەکو لە نزیكەوە ئاگاداری ئازارەكانیان بێت.
بەر لەوەی دەرگای ئەم خانووە بە روویاندا دابخرێت و بێ لانە بمێننەوە و نەخۆشی و سەرما، ئەوەی ماویشە لێیان وەربگرێتەوە.