سەرمای زستان گەیشتووەتە ناوچە شاخاوییەکانی هەورامان.
دابەشکردنی یەکەم بەشە نەوتی ئەمساڵ دەستی پێکرد.
هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوت وەردەگرێت و لە بەرمبەردا بڕی 33 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت. هاونیشتمانیانی هەورامان دەڵێن ئەم بڕە زۆر کەمە و ساڵانە تاوەکو کۆتایی زستان پێویستیان بە حەوت بەرمیل نەوت هەیە و ئێستا کارەباش نییە، ناچارن بۆ خۆگەرمکردنەوە پەنا بۆ بڕین و سووتاندنی دار ببەن.
لە قۆناغی یەکەمدا، بڕی 180 هەزار لیتر نەوت بۆ 800 ماڵ لە هەورامان دابین کراوە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەڵەبجەش دەڵێت ئەو بڕەی بۆ سنوورەکە دابینکراوە کەمە.
جەخت لە هەوڵەکانیان دەکەنەوە بۆ زیادکردنی.
بە گوێرەى ئامارە فەرمییەکان، تەواوی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەوەی هەر ماڵێک تەنیا 100 لیتر نەوت وەربگرێت، پێویستی بە سێ ملیۆن و 100 هەزار لیتر نەوت هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا یەک ملیۆن و 600 هەزار لیتر دابینکراوە، ئەم بڕە نەوتە نەک تەنیا بەشی زستانە ساردەکەی هەورامان ناکات، بەڵکو نیوەی پێداویستیی پارێزگاکەش پڕ ناکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەشێکی زۆری هاونیشتیمانیان هێشتا بەشە نەوتی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە.