لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بە ئاوی قورس سەوزە بەرهەمهێنراوە.
قایمقامێتی سلێمانی بۆى دەرکەوتووە ئەنجامی تاقیگەکان بۆ سەوزەکە زۆر خراپ و مەترسیدار بوون.
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامێتی سلێمانی: ئەو ئاوە قورسە هەڵگری ماددەی ژەهراوی و شێرپەنجەن.
لە ناوچەی تانجەرۆ، بەشۆفڵ لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیێتی سلێمانییەوە ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە تێکدران کە بە ئاوی قورس بەرهەمهێنراون، ئەوەش لە پاش ئەوەی لە پشکنینی تاقیگەدا دەرچووە سەوزەکە مەترسیدارە، شیاوی خواردن نییە و ماددەی ژەهراوی تێدایە.
لەلایەن تیمێکی پزیشکییەوە سەوزەکە براوەتە تاقیگە و دوو پشکنینی بۆ کراوە.
پشکنینی کیمیایی و پشکنینی بەکتریۆلۆجی.
پاش 12 کاتژمێر لە پشکنینی تاقیگەکە دەرکەوتووە، سەوزەکە شیاوی خواردن نییە و زۆر مەترسیدارە و پێکهاتەی ژەهراوی تێدایە.
ئەمە یەکەمجار نییە ئەو زەوییانە بکرێن بە سەوزە.
ساڵانی ڕابردووش هەمان رێکاریان بەرامبەر گیراوەتەبەر و ئاگادارکراونەتەوە کە نەیکەنەوە بە سەوزە.
لەسەر ناڕەزایی جووتیارەکان کە گوایە سەوزەکەیان کێشەی نییە، بۆیە لە تاقیگەکان پشکنینیان بۆ بەرهەمی سەوزەکان کردووە.
ئەنجامی تاقیگەکان زۆر خراپن.
هەربۆیە بڕیاردراوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان زەوییەکە تێکبدرێت.
سەرچاوەی ئاوەکەش گیراوەتەوە و تێکدەدرێت و ڕێگە بە جووتیاران نادرێت دووبارە ئەو کارەبکەنەوە.
ئەو سەوزەیە بە ئاوی قورس بەرهەمهێناوە ئاوەکە خراپە ماددەی قورسی تێدایە وەک قورقوشم کە لە خوێندا دەنیشێت و بە تێپەڕینی کات دەبنە هۆکاری سست بوونی گورچیلە و سستبوونی دەرمانەکان و ژەهراویبوون و نەخۆشی شێرپەنجە.
ڕێکاری هاوشێوە لەوشوێنانەش دەگرنەبەر کە بەئاوی قورس سەوزە بەرهەم بهێنن و تێکی دەدەن.
قایمقامیێتی سلێمانی جەختیکردەوە بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە سەلامەتی تەندروستیی هاونیشتمانییان ناکرێت و ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر خاوەنی ئەو کێڵگانە دەگیرێتە بەر و ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.
