
ئەندامێکی تەڤگەری ئازادیی کوردستان ڕەخنە لە هەڵوێستی دەسەڵاتی تورکیا دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، پۆلێنبەندیکردنی ئەندامانی پەکەکە بۆ "تاوانبار و بێتاوان" و زیندانیکردنەوەیان، لەلایەن ئەوانەوە بە هەموو شێوەیەک ڕەتکراوەیە.
هێلین ئومێد، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان ڕایگەیاند، زیاتر لە 50 ڕۆژە هیچ دیدارێک لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام نەدراوە. بە گوتەی ئەو، ئەم بێدەنگییە دەریدەخات کە دەسەڵات نایەوێت پڕۆسەی ئاشتی بەرەوپێش بچێت و ئەو قسانەشی لەبارەی باش بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە دەکرێن، تەنیا بۆ بەهەڵەدابردنی خەڵکە و نیشانەی بێباکیی دەسەڵاتە بەرامبەر پرسی کورد.
ئەندامەکەی تەڤگەری ئازادی کە پێشتر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە بووە، جەختی کردەوە کە قبوڵی ناکەن پۆلێنبەندی بۆ ئەندامانیان بکرێت. هێلین ئومێد وتی: "کەس بۆی نییە بڵێت با ئەندامانی پەکەکە بێنەوە و بچنە زیندان." هەروەها ڕەتیکردەوە ئۆجەلان لە دەرەوەی یاسای پڕۆسەکە بمێنێتەوە یان پۆلێنکردن بۆ گەریلاکان بکرێت لەژێر ناوی تاوانبار و بێتاوان.
هێلین ئومێد هۆشداری دا لەوەی کە نابێت پڕۆسەی ئاشتی بخرێتە خزمەتی پارتی دەسەڵاتدار (AKP)، چونکە ئەوە بە گەورەترین خراپە بەرامبەر خەڵک و پرسی ئاشتی ئەژمار دەکات. ڕەخنەی لە خاوبەڕێوەچوونی پڕۆسەکە گرت و داوای کرد دەسەڵات هەنگاوی خێرا بنێت بۆ ئەوەی متمانەی خەڵک بەدەستبهێنێتەوە و چیتر کات بەفیڕۆ نەدرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە بێدەنگیی ئەم دواییەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرد، کە پێشتر باس لە ئازادیی ئۆجەلان دەکرد بەڵام ئێستا هیچ لێدوانێک نادات. هێلین ئومێد دووپاتی کردەوە کە مەرجی سەرەکی و بنەڕەتی بۆ سەرخستنی هەر هەوڵێکی ئاشتی، دابینکردنی ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجەلانە، بەبێ ئەو هەنگاوەش هیچ پڕۆسەیەک ناگاتە ئەنجام.


.jpg)