
لە باکوورى کوردستان و تورکیا ئازادکردنی 90 زیندانیکراوی کورد دواخراوە.
زیندانیکراوێک زیاتر لە 33 ساڵە لە زینداندایە و هەشت جار ئازادکردنی دواخراوە.
لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لە باکووری کوردستان و تورکیا، سەدان کەس لەسەر دۆسیەی پەکەکە – کەجەکە دەستگیرکران و بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی بەشێک لە خاکی تورکیا، سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی و زیندانیکردنی هەمیشەیی قورسکراویان بەسەردا سەپێنرا.
بەشێک لەو زیندانیکراوانە ماوەی زیندانیکردنیان کە 30 ساڵە تەواوکردووە.
لە لایەن ئیدارەی زیندانەکانەوە ئازادکردنیان ڕەتدەکرێتەوە.
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، 90 زیندانیکراو سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی زیندانیکردنیان، ئازادکردنیان دواخراوە.
واتە هەموو ڕۆژێک ئازادکردنی زیندانیکراوێک دوادەخرێت.
یەکێک لەو کەسانەی ماوەی 33 ساڵ و شەس مانگە لە زینداندایە، کەیسەکەی سیاسییە.
تاوەکو ئێستا هەشت جار ئازادکردنی دواخراوە.
ئەو کەسانەی بە زیندانیکردنی هەمیشەیی لە زینداندان، لەسەر دۆسییەی پەکەکە و بە تۆمەتی "جیاکاری، دابەشکردنی خاکی تورکیا و دابڕینی بەشێک لە خاکی تورکیا"، لە لایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە سزادراون. زۆربەی ئەو کەسانەی ئێستا لە زیندانن و بە هەمیشەیی سزادراون، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، دەستگیر کران و سزادراون.
تەڤگەری ئازادی: بەبێ ئازادیی جەستەیی ئۆجەلان هیچ پڕۆسەیەکی ئاشتی سەرناگرێت


