لە لووتکەی یاڵتاوە بۆ شێنجێن؛ ئایا جیهان دادەڕێژرێتەوە؟

پووختەى ڕاپۆرت

  • لە ناوەندە سیاسییەکاندا لووتکەی شێنجێن بە لووتکەی یاڵتا بەراورد دەکرێت.

  • لە لووتکەی یاڵتا جارێکی دیکە جیهان لەنێوان براوەکانی جەنگی دووەمی جیهانیدا دابەش کرا.

  • بەڵام لووتکەی شێنجێن بە زۆری سەرنجی لەسەر هەماهەنگیی ئابووری و بەرگرتنە بە فراوانتربوونی ململانێکان.


لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیی دووەمدا و کاتێک شکستی ئەڵمانیای نازی نزیک ببووەوە، سەرکردەی سێ وڵاتە سەرەکییەکەی هاوپەیمانان بڕیاریان دا کۆببنەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەورووپا و جیهان دوای جەنگ. ئەم کۆبوونەوەیە لە مێژوودا بە لووتکەی یاڵتا ناسراوە و بە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە سیاسییەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت.


کات و شوێن و بەشداربووانی لووتکەی یاڵتا

لووتکەکە لەنێوان ڕۆژانی 4 تا 11ی شوباتی 1945 لە کۆشکی لیڤادیا لە شاری یاڵتا لە نیمچەدوورگەی کریمیا (لە یەکێتیی سۆڤییەتی پێشوو) بەڕێوەچوو. بەشداربووانی سەرەکی بریتی بوون لە:

  • فرانکلین ڕۆزفێڵت: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

  • جۆزێف ستالین: سەرۆکی یەکێتیی سۆڤییەت.

  • وینستن چەرچڵ: سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا.

ئامانج و گرنگترین بڕیارەکانی لووتکەکە

  • لە ماوەی هەشت ڕۆژی کۆبوونەوەکاندا، هەر سێ سەرکردەکە گەیشتنە چەندین ڕێککەوتنی چارەنووسساز، لەوانە:

  • دابەشکردنی ئەڵمانیا: بڕیار درا دوای خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیا، وڵاتەکە و شاری بەرلینی پایتەخت بکرێن بە چوار ناوچەی ژێر دەسەڵاتی (ئەمریکا، سۆڤییەت، بەریتانیا و فەڕەنسا) و سەرجەم هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا هەڵبوەشێنرێنەوە.

  • نەتەوەیەکگرتووەکان: لە دۆسیەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک سەبارەت بە دەنگدان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەسەڵاتی ڤیتۆی ئەندامانی هەمیشەیی، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە 25ـی نیسانەوە کۆنفرانسێک لە سانفرانسیسکۆ دەست پێ بکات بۆ داڕشتنی میساقی ڕێکخراوەکە.

  • چارەنووسی پۆڵەندا و ئەورووپای ڕۆژهەڵات: ستالین بەڵێنی دا هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراسی لە پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بکات، هەرچەندە دواتر پابەندی ئەم بەڵێنە نەبوو.

  • شەڕی دژی ژاپۆن: یەکێتیی سۆڤییەت ڕەزامەندی پیشان دا کە دوای سێ مانگ لە خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیا، بچێتە ناو جەنگەوە دژی ژاپۆن لە بەرامبەر بەدەستهێنانی هەندێک ناوچە لە ئاسیا.

  • دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ: بڕیار درا سەرجەم سەرکردە نازییەکان و ئەوانەی تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە دادگایی بکرێن.

دەرەنجام و کاریگەرییەکان

هەرچەندە لووتکەی یاڵتا بە ڕواڵەت سەرکەوتنێکی گەورەی دیپلۆماسی بوو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام لە واقیعدا بووە هۆی دابەشبوونی جیهان بەسەر دوو بەرەی ڕۆژهەڵات (بلۆکی سۆشیالیستی بە سەرۆکایەتیی سۆڤییەت) و ڕۆژئاوا (بلۆکی سەرمایەداری بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا). کەمتر لە دوو مانگ دوای لووتکەکە، ڕۆزفێڵت کۆچی دوایی کرد و پەیوەندییەکانی نێوان هاوپەیمانان تێکچوو، ئەمەش سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ساردی لێکەوتەوە کە زیاتر لە چوار دەیەی خایاند.

کۆتایی یاڵتا

لووتکەی یاڵتا سەلماندی کە سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی زلهێزەکان دادەڕێژرێت. ئەو بڕیارانەی ڕۆزفێڵت، ستالین و چەرچڵ لەو کۆبوونەوەیەدا دایان، نەک تەنیا کۆتاییان بە جەنگی جیهانیی دووەم هێنا، بەڵکو سنوورە سیاسی و جوگرافییەکانی جیهانیان بۆ دەیان ساڵی دواتر دیاری کرد.

ڕووسیا: لووتکەی شێنجێن؛ یاڵتا نییە

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداری دابوو کە لووتکەی سێقۆڵیی ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری شێنجێن ڕەنگە "سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ناوچەکانی هەژموون" هاوشێوەی یاڵتا پێکبهێنێت.

بەڵام گوتەبێژی کرێملن ئەم بەراوردکارییەی ڕەتکردەوە و گوتی "هەموو بەراوردکردنەکان لەگەڵ یاڵتا تەنیا شیکاریی سیاسین کە هیچ بنەمایەکیان لە واقیعدا نییە". ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەوەی بڵێین کەسێک کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی جیهان، بەدڵنیاییەوە ڕووسیا و چین ناگرێتەوە".

جیاوازییە سەرەکییەکان

گۆڕینی هاوسەنگیی هێز (دەرچوونی بەریتانیا و چوونەناوەوەی چین): لە لووتکەی یاڵتا چین ئامادە نەبوو، هەرسێ زلهێزەکە بەبێ ئامادەبوونی چین دانوستانیان لەسەر ڕێکخستنەکان سەبارەت بە خاکەکانیان کرد. ئەمجارە چین وەک زلهێزێکی نوێ کە جێگەی بەریتانیای لەنێو سێ زلهێزەکەدا گرتووەتەوە، میوانداریی لووتکەی شێنجێن دەکات.

دابەشکردنی هەژموون بەرامبەر بە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان: لووتکەی یاڵتا بۆ دامەزراندنی نەزمێکی نوێی جیهانی و دابەشکردنی کایەکانی کۆنترۆڵکردن لەنێوان سەرکەوتووەکاندا کۆبووەوە، لە کاتێکدا لووتکەی شێنجێن لە سەردەمی هەڵوەشانەوەی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییە کۆنەکاندا بەڕێوەدەچێت؛ تێیدا هەوڵ دەدرێت کەناڵەکانی پەیوەندیکردن بکرێنەوە و ڕێگری لە چوونە ناو شەڕی ئەتۆمی یان پێکدادانی فراوانتری ناوچەیی بکرێت.

سنووری کاریگەری لەسەر وڵاتانی دیکە: سەرکردەکانی یاڵتا توانیان سنوورەکان بکێشنەوە و چارەنووسی تەواوی گەلان لە ڕێگەی بڕیارەکانی سەرەوە بۆ خوارەوە دیاری بکەن. بەڵام لە سەردەمی لووتکەی شێنجێندا، هێزە ناوچەییەکان و دەوڵەتە بچووکەکان خاوەنی ئیرادە و توانای سەربەخۆن، کە وا دەکات قورس بێت جارێکی دیکە جیهان لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دابەش بکرێتەوە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

کۆبوونەوەى لووتکە؛ سەرۆکى سێ جەمسەرەکەى جیهان لەسەر مێزێک

Loading related news...