
دوای بەدواداچوونەکانی کەناڵ8 بۆ زۆربوونی سەگە بێلانەکان لە شەقام و کۆڵانەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هەڵمەتێکی بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک راگەیاند و هەر کەس هاوکارییان بکات لە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکاندا پاداشت دەکرێت و بۆ ئەوەش ژمارەیەکی پەیوەندییان داناوە، کە لە کۆتایی ئەم هەواڵدا بۆ هاونیشتمانیان دانراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، سبەینی 20ـی ئەیلولی 2025 هەڵمەتەکە دەستپێدەکات و مەرجە لە سنووری شارەوانیی سلێمانی بێت و هەر سەگێک بەچکەی هەبێت، لەگەڵ بەچکەکانیدا رادەست بە شێڵتەرەکە بکرێت، بەرامبەر بە رادەستکردنیان بە شێلتەرەکە بڕی سێ هەزار دینار پاداشت دەدرێت بەو کەسانە، ئەگەر لەشوێنێک کۆبکرێنەوە و دواتر رادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێن، بڕی دوو هەزار دینار بۆ هەر سەگێک پاداشت دەدرێت.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ژمارە تەلەفۆنێکی بڵاوکردووەتەوە، تاوەکو هاونیشتیمانیان پەیوەندییان پێوەبکەن و راشیانگەیاندووە، کە شوێنی شێڵتەرەکە، لە رازیانە، نزیک بازگەی عەربەتە.
هەروەها شارەوانیی سلێمانی باسی ئەوەیکردووە، کە کارەکانی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ و رادەستکردنەوەی بە شێڵتەرەکە چڕتر کراوەتەوە، تاوەکو بتوانرێت بە کەمترین ماوە زۆرترین سەگ کۆبکرێتەوە لە شەقام و کۆڵانەکان لە لایەن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە گرتنی سەگدا هەیە.

هاوکات داوا لە لە ئاژەڵدۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان دەکەن، پشتیوان و هاوکاریان بن لەم هەڵمەتەدا کە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاونیشتیمانیان هەیە.
ئەم راگەیەندراوەی شارەوانی سلێمانی دوای ئەو هەڵمەتی بەدواداچوونەی کەناڵ8 دێت بۆ دۆسیەی سەگەبێلانەکان کە ماوەیەکە بەهۆی زیادبوونیانەوە لە شەقام و کۆڵانەکاندا دەستپێکراوە و خۆشبەختانە شارەوانیی سلێمانی بەزووترین کات بەدەم داواکاریی هاونیشتیمانیانەوە هاتن، کە لە رێگەی کەناڵ8ەوە داواکارییەکانیان گەیاندبوو.
تۆش ئەگەر شارەزایت لە گرتن و رادەستکردنی سەگە بێلانەکاندا هەیە دەتوانیت پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنەوە بکەیت 07719914460.