فراکسیۆنى پارتى لە بانگەوازێکدا داواى لە فراکسیۆنەکان کرد یەکەم دانیشتنى پەرلەمان تەواو بکەن.
هیچ ڕێککەوتنێکى فەرمی بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى دەستەى سەرۆکایەتیی نییە.
دوو ساڵ زیاتر بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمان تێپەڕیوە و پەرلەمان کارا نییە.
فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا بانگەوازێکى بڵاوکردەوە و داواى کرد چوارشەممە یەکەم دانیشتنى پەرلەمان تەواو بکرێت.
دوای تێپەڕبوونی پتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بەداخەوە تاوەکو ئێستا پەرلەمانی كوردستان كارا نییە و نەیتوانیوە ئەركە یاساییەکانى بەجێبهێنێت.
ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە تەواوی ئەرك و ڕێكارەكانی دانیشتنی یەكەمی خولەكە، كە لە دووى 12ـى 2024دا بەسترا، بەگوێرەى یاسا بەركارەكان جێبەجێنەكراوە.
پەککەوتنی پەرلەمان هەڵپەساردنی ئیرادەی هاونیشتمانییانە و پێچەوانەی بنەماكانی دیموكراسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستانە.
داوا لەگشت پەرلەمانتارە بەڕێزەكان دەکەین، کاتژمێرى 11ـى پێشنیوەڕۆى ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی چوارى 11 لە هۆڵی پەرلەمانى كوردستان ئامادەبن.
بۆ کۆبوونەوەی تەواوكاریی ڕێكارەكانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم.
فراکسیۆنى پارتى هیوادارە "هەمووان پێكەوە ئەم بەرپرسیارێتیە مێژووییە بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان و ئیرادەى دەنگدەران و بەرژەوەندییە باڵاكانی قەوارەی هەرێمى كوردستان هەڵبگرن، هەنگاو بنێین بۆ قۆناغێكی نوێی كاری پەرلەمانیی و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی یاسایی و حوكمڕانی لە سەرجەم ڕووەكانەوە".
