
سەرۆکی چەندین پارتی کوردی لە باکووری کوردستان دەستگیرکران .
هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێکرد.
پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بە بەشداریی شەش لایەن و پارتی باکووری کوردستان، هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان ناسراو بە هەڤبەندی دامەزرێنرا. ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە فەرمانی دادوەر هەڵمەتێکی بۆ دەستگیرکردنی سەرۆک و بەرپرسانی باڵای ئەو پارتانە دەستپێکرد.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئامەد دۆسییەیەکی دژی پارتە بەشدارەکانی نێو هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان کردووەتەوە.
فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەیان سیاسەتمەداری کورد دەرکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا نۆ کەس لە سەرۆک و بەرپرسانی ئەو شەش پارتە دەستگیرکراون کە بەشدارن لە هاوپەیمانییەکەدا.
لەنێویاندا بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، حەسەن داغتەکین، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان.
فوئاد ئۆنەن، بەرپرسی پەلکورد، محەمەد جان ئەزبای، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی نیشتمانپەروەرانی کوردستان.
هەریەک لە سیاسەتمەداران، عەلی ئۆنجو، ڕۆژبین بوکون، عەلی چەڤەن، ئاریان سەرحەد و عەلی ئایدن دەستگیرکراون.
لەوبارەیەوە پارتی سۆسیالیستی کوردستان ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن و فشارەکان لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان ساردیان ناکەنەوە.
هاوکات پارتی دیموکراسیی و یەکسانی گەلان (پارتی دەم) ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی سیاسەتمەدارانی باکووری بڵاوکردووەتەوە و بە قبوڵنەکراو ناوی دەبات و داوا دەکات دەستبەجێ کۆتایی بە فشارەکان بۆ سەر سیاسەت بهێنرێت کە دەبنە هۆی لەکەدارکردنی دیموکراسیی.
حەوتی تشرینی دووەم لە ئامەد، هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداریی هەریەک لە پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان/باکور، پارتی نیشتمانپەروەرانی کوردستان، پەلکورد، ڤەژین و دەستپێشخەریی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیێنرا.

