
" ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە پڕۆتین چاکبوونەوەی ئێسکی شکاو خێراتر دەکەن "
" سپێناخ و کەلەرم تەندروستیی ئێسک بەهێز دەکەن "
پسپۆڕێکی ئێسک و شکاوی جۆری ئەو خواردنانە دەخاتەڕوو کە چاکبوونەوەی ئێسکی شکاو خێراتر دەکەن.
د. ڕەوشت جاف، پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و شکاوی، دەڵێت " چاکبوونەوەی ئێسکی شکاو تەنیا بە پشوودان ڕوونادات، بەڵکو پێویستی بە خۆراکی دروست هەیە!، کاتێک ئێسکێک دەشکێت، جەستە پێویستی بە بڕێکی زۆر لە پێکهاتە خۆراکییەکان هەیە بۆ دروستکردنەوەی شانە ئێسکییە نوێیەکان".
ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە پێکهاتەی پڕۆتین بۆ بنیادنانی بناغەی ئێسک پێویستن، چونکە پڕۆتین پێکهاتەی سەرەکییە بۆ دروستکردنەوەی ئێسک و شانەکانی دەوروبەری، ماسی (بەتایبەت ماسی سەلەمون)، مریشک و هێلکە دەوڵەمەندن بە پێکهاتەی پڕۆتین.
ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە پێکهاتەی کالیسیۆم، چونکە کالیسیۆم پێکهاتەی سەرەکییە بۆ بەهێزمانەوەی ئێسک بەپتەوی، شیر، ماست، پەنیر و سەوزە گەڵاتۆخەکان (وەک سپێناخ و کەلەرم)، دەوڵەمەندن بە پێکهاتەی کالیسیۆم.
ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە پێکهاتەی ڤیتامین دی، چونکە ئەم خواردنانە یارمەتیی هەڵمژینی پێکهاتەی کالیسیۆم دەدەن لە جەستەدا، بێ بوونی ڤیتامین دی، جەستە ناتوانێت کالیسیۆمی خواردنەکان بە دروستی هەڵبمژێت، بەرکەوتنی ڕۆژانەی تیشکی خۆر، خواردنی ماسیی چەور و هێلکە بڕی ڤیتامین دی لە جەستەدا زیاد دەکەن.
ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە پێکهاتەی ڤیتامین سی، یارمەتیی دروستکردنی پێکهاتەی کۆڵاجین دەدەن، کۆلاجین ئەو پڕۆتینەیە کە وەک تۆڕێک کار دەکات بۆ ئەوەی کالسیۆم و کانزاكانی دیکە لەسەر ئێسکەکە جێگیر ببن، پرتەقاڵ، لیمۆ، تەماتە، بیبەری شیرین و توو دەوڵەمەندن بە پێکهاتەی ڤیتامین سی.
ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە پێکهاتەی زینک و ئاسن، جەستە ئەم پێکهاتانە بۆ دابینکردنی ئۆکسجين و دروستکردنی خانەی نوێ بەکاردێنێت، گۆشتی سوور، تۆوی کەتان و شۆفان دەوڵەمەندن بە پێکهاتەی زینک و ئاسن.
خواردنە خێراکان، شیرینی و خواردنە پڕ لە شەکرەکان، پرۆسەی هەوکردن زیاد دەکەن و پێکەوە نووسانی ئێسک خاو دەکەنەوە، واباشترە ئەم خواردنانە لەکاتی شکانی ئێسکدا نەخورێن.
بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر دەتوانن سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن.


