
دوای بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ ناردنی نەوت، نرخەکەی لە بازاڕدا دابەزی.
لە بازاڕ و بەنزینخانەکان نرخی بەرمیلێک نەوت 35 هەزار دینار دابەزی.
لە بۆرسەی هەولێر نرخی بەرمیلێک نەوتى سپى کە بڕەکەی 216 لیترە لە 335 هەزار دینارەوە دابەزیوە بۆ 300 هەزار دینار.
لە سلێمانى نرخی یەک بەرمیل نەوتى سپى 216 لیترى بۆ 320 هەزار دینار دابەزیوە، لە کاتێکدا پێشتر بە 350 هەزار دینار بووە
لە بەنزینخانەکانی هەولێر و سلێمانی بەگشتی یەک بەرمیل نەوتى سپیی 200 لیتری، ئێستا بە 280 هەزار دینارە، کە پێشتر بە 310 هەزار دینار بووە.
لە پارێزگاى دهۆک، یەک بەرمیل نەوتى سپى لە بەنزینخانەکان بە شێوەیەکی گشتیی بە 300 هەزار دینارە، کە پێشتر بە 335 هەزار دینار بوو.
دوێنێ پاش هەوڵەکانى بەشێک لە ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بە بڕیاری عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی نەوت بڕیاریدا نەوتى سپى ڕەوانەى هەرێمى کوردستان بکات کە لە قۆناغى یەکەمدا 50 ملیۆن لیترە.
هاوکات، وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاندووە، هەر لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە نەوتە، بە میكانیزمێكی گونجاو و به هەمان نرخی دابينكراو له لايەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كه 250 دینارە بۆ هەر لیترێک، دەست بە دابەشكردنی دەکەن.
ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، ئەو نەوتە بەشى لە 18%ـى پێداویستییەکانیان دەکات و هەرێمى کوردستان پێویستى بە 268 ملیۆن و 710 هەزارو 600 لیتر نەوتى سپیى هەیە
وەزارەتی نەوتى عێراق، یەک لیتر نەوتی سپی بە 150 دینار بە خێزانەکان دەدات، 200 لیتر دەکاتە 30 هەزار دینار، بەڵام وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان، هەر لیترێک بە 250 دینار دابەش دەکات کە 200 لیتر واتە یەک بەرمیل نەوت بە 50.000 دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان.

