
بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ڕەشنووسى بودجەیان بە دڵ نییە.
ناکۆکى و جیاوازى لە تێڕوانینى هەولێر و بەغداد بۆ پڕۆژەیاساى بودجە هەیە.
لە ڕەشنووسى بودجەدا ژمارەیەک پابەندى قورس بۆ هەرێمى کوردستان دیاریکراون.
زانیاریى بە کەناڵ8 گەیشت، کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان گفتوگۆ لەسەر ئەنجامى دوایین کۆبوونەوەى شاندى دانوستانکار لە بەغداد دەکات و ئەنجامى کۆبوونەوەکەى دهۆکی نێوان شاندى هەولێر و بەغدادیش دەخرێتەڕوو.
لە بڕگەى یەکەم، گفتوگۆ لەسەر ئەنجامى دوا کۆبوونەوەى شاندى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە ڕۆژى 24ـى ئەم مانگە تایبەت بە بڕگە پێشنیازکراوەکانى ماددەى دەى ڕەشنووسى بودجە دەکرێت.
ئەندامانى شاندى دانوستانکار ئەنجامى کۆبوونەوەکە دەخەنە بەردەم ئەنجوومەنى وەزیران.
لە بڕگەى دووەمدا، ئەنجامى سەردانى شاندى باڵاى حکومەتى فیدراڵ بەسەرۆکایەتیى جێگرى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى وزە و ئەندامێتیى وەزیرانى نەوت و کارەبا بۆ هەرێمى کوردستان لە ڕۆژى 25ـى ئەم مانگە سەبارەت بە دۆسییەکانى نەوت و وزە لە چوارچێوەى ڕەشنووسى پرۆژەیاساى بودجەى فیدراڵى دەخرێتەڕوو.
ڕەشنووسى بودجەى گشتیى عێراق لە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە گەڕێنراوەتەوە و بۆ وەزارەتى دارایی فیدراڵ، ئەوەش بە مەبەستى تەرخانکردنى دارایى بۆ ئەو وەزارەتانەى زیادکراون، هەرێمى کوردستان دەیەوێت لەم قۆناغەدا گۆڕانکاریش لە ماددەى 10 بکرێت.
کەناڵ8 زانیاریی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی عێراق و هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکات