
دۆسییەى جورفولسەخر بەرەو چارەسەر دەڕوات، جگە لە چوارچێوەى هەماهەنگى، ئێرانیش نێوەندگیرى کردووە.
هەوڵەکانى نێوەندگیرى سەریانگرت و فەرماندەیی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنى ناوچەکە پێکهێنراوە.
بڕیارە سبەى هێزە فەرمییەکان لە ناوچەکە جێگیر بکرێن.
حیزبوڵڵای عێراقی دانی بە دەستتێوەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسدا نا، بۆ چارەسەری دۆسییەی جورفولسەخر؛ ئەوەش لە کاتێکدایە تاوەکو هەینی مۆڵەت بە گرووپەکە دراوە ناوچەکە چۆڵ بکات و سوپا و هێزە ئەمنییەکانیش لە ئامادەباشیدان.
حیزبوڵا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاماژەی بەوە دا ئەبوو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەبارەی دۆسیەی جورفولسەخرەوە کۆبوونەتەوە.
حیزبوڵا، ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بە "ئەرێنی و بنیاتنەر" ناو بردووە.
سبەی جێگیرکردنی هێزە هاوبەشەکان لە جورفولسەخر دەستپێدەکات.
ئەو فەرماندە ئەمنییانەی کە سەرپەرشتیی جورفولسەخر دەکەن، دانراون.
لیوا یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان و چاوەڕێی کاتژمێری سفر دەکەن بۆ چوونە ناو جورفولسەخر و کۆنترۆڵکردنی لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
یەکە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی یەکگرتوو و بە ئاستێکی بەرزی هەماهەنگی لە ناوچەی جورفولسەخر کار دەکەن.
هیوادارم کارەکان بە ئاسانی و بێ گەیشتن بە هیچ پێکدادانێکی سەربازی بەڕێوەبچن.
پێشتریش، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەرکی پاراستنی بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکە بە پۆلیسی وزە سپێردراوە و لەژێر سەرپەرشتیی هێزە ئەمنییەکانیشدا ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە.
فەرمانى زەیدى بۆ پێکهێنانی بارەگای فەرماندەیی لە جورفولسەخر دەرچوو
.jpg)