
سبەى هێزە ئەمنییەکانى عێراق لە جورفولسەخر دەستبەکار دەبن.
ڕۆژى هەینى دوایین وادەیە بۆ چۆڵکردنى جورفولسەخر لەلایەن حیزبوڵاوە.
بەرێوەبردنى ناوچەکانى جورفولسەخر بەسەر هێزە عێراقییەکاندا دابەشکراوە.
بارەگاکە بە پۆلیسى فیدراڵییەوە دەبەسترێتەوە و بەرپرسێک و دوو جێگرى دەبێت.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دیوانی بۆ پێکهێنانی بارەگای فەرماندەیى -کۆنترۆڵکەر- لە ناوچەی جورفولسەخر -جورفولنەسر- دەرکرد و بڕیارە سبەی هەینی لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە دەستبەکار ببێت.
لەسەر ڕاسپاردەی عەلی زەیدی، فەرمانی دیوانی بۆ پێکهێنانی بارەگای کۆنترۆڵ و باڵادەست لە جورفولسەخر -جورفولنەسر - دەرچووە.
بارەگاکە لە هەموو ڕووەکانەوە بە فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵییەوە دەبەسترێتەوە.
سنووری کارەکانی دەکەوێتە ناو سنووری کارگێڕیی جورفولسەخرەوە.
فەریق ڕوکن ئەحمەد حاتەم حەمید وەک فەرماندەی بارەگاکە دەستنیشان کراوە و دوو جێگریشی بۆ دانراوە، کە بریتین لە:
لیوا ڕوکن حوسێن عەلی نسەیف، جێگر بۆ کاروباری بەرگری.
عودەی عەبدولئیمە مەسحەب، جێگر بۆ کاروباری حەشدی شەعبی.
لە فەرمانەکەدا هاتووە کە چوار پێکهاتەی ئەمنی و سەربازی بە بارەگای کۆنترۆڵەوە دەبەسترێنەوە، کە پێکهاتوون لە:
لیوایەک لە سوپای عێراق.
لیوایەک لە پۆلیسی فیدراڵی.
دوو لیوا لە دەستەی حەشدی شەعبی.
فەوجێک لە پۆلیسی وزە بۆ پاراستنى بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکە.
بڕیارە بارەگای کۆنترۆڵ لە کاتژمێر شەشی بەیانیی ڕۆژی 20ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ـەوە بکرێتەوە و ئەرکی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی سەرجەم ئەو یەکە ئەمنییانە بگرێتە ئەستۆ کە لەژێر فەرمانیدان.
بەگوێرەى فەرمانەکە، بارەگاکە بە بەرزترین ئاستی هەماهەنگی لەگەڵ هەریەک لە؛ فەرماندەیی پۆلیسی بابل و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەربەلا، ئەنبار و بەغداد کار دەکات.
.jpg)