
موجتەبا خامنەیی فەرمان بە هێزە چەکدارەکانى ئێران دەکات دەستبەجێ وەڵامى هەر هێرشێک بدەنەوە.
فەرمانەکەى موجتەبا هاوکاتە لەگەڵ ئەگەرى دەستپێکردنەوەى جەنگ.
لە فەرمانەکەیدا موجتەبا هێزە چەکدارەکان دەستکراوە دەکات گوێ بە کۆتوبەندى جوگرافى نەدەن.
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران و فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان، لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی هێزە سەربازییەکاندا کۆبووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ئامادەیی هێزە چەکدارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دووژمنان پێویستی بە بەرزترین ئاستی بەرپەرچدانەوەیە.
بەرەنگاری هەر هەڕەشەیەک لە هەڕەشەکان ببنەوە دەکرێتەسەرتان لەهەر ئاستێکدا بێت.
وەڵامی دەستبەجێ و کاریگەر، بەبێ پابەندبوون بە هیچ کۆتوبەندێکی جوگرافی بدەنەوە.
ئەگەر دووژمن هێرشەکانی دەستپێبکاتەوە، ئەوا هێزە چەکدارەکان و گەلی ئێران بڕیاردەدەن چ کاتێک ئەو هێرشانە کۆتاییان دێت.
موجتەبا خامنەیی، فەرمانى بەهێزکردنی ژێرخانی هەواڵگریی سەربازی و قوڵکردنەوەی بەرگریی نیشتمانیی سەربەخۆ کردووە لە بوارەکانی بیروباوەڕ، تەکنیک، پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری و ئەمنی بە جۆرێک سوود لە تەکنەلۆجیای نوێ ببینرێت، هاوتەریب لەگەڵ کارکردن بۆ گرەنتی پێداویستییەکانی بژێوی ئەندامانی هێزە چەکدارەکان و دابینکردنی کۆمەکی پێویست بۆیان.
فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران، فەرمانى نوێکردنەوەی بانکی ئامانجەکانی دووژمنیشى داوە، بەجۆرێک بتوانرێت سەرجەم ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بخەنەژێر کاریگەریی مووشەکی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە.
پاڵپشتیی جەماوەر بۆ هێزە چەکدارەکان یەکێکە لە پایەکانی بەرپەرچدانەوەی دووژمنەکانی ئێران.
ئامادەیی جەماوەر بۆ ماوەی هەشت مانگ لە گۆڕەپانەکاندا، درێژەپێدەری ئەو بەرگرییە پیرۆزەیە کە ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بوو و یەکپارچەیی وڵات و سیستمی ئیسلامییان پاراست.
ڕێبەری ئێران ستایشی خۆڕاگری بەرەی مقاوەمەی کردووە و ڕایگەیاندووە، یەکگرتووی گۆڕەپانەکان گۆڕانکارییەکی یەکلاکەرەوەی ستراتیجیی کاریگەرن لە وێناکردنی شێوەی سیستمی سیاسی و ئەمنیی نوێ لە خۆرئاوای ئاسیا، هیوایخواستووە ئەم سیستمە نوێیە ببێتە هۆکاری زمینەی لەبار بۆ بەهێزکردنی یەکگرتووی گەلانی وڵاتانی ئیسلامی و حکومەتەکانیان و ئامادەکاریی بێت بۆ دورستکردنی شارستانییەتی نوێی ئیسلامی بکات.
لەو دیدارەدا هەریەک لە لیوا عەبدولاهی، سەرۆکی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیوا حاتمی، فەرماندەی گشتیی سوپا، لیوا وەحیدی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، ڕاپۆرتیان پێشکەش بە فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان کردووە، کە باس لە ئامادەکارییەکانیان دەکات بۆ بەرگریکردن لە وڵات، کەنداوی فارس و ناوچەی ئۆپراسیۆنەکان لە گەرووی هوورمز و دەریای عوممان و سنوورەکانی باکووری، ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئێران، لەگەڵ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لەبارەی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی کەلوپەلی سەربازی و مووشەکی، ئەوەش بەگوێرەى میدیاى فەرمیى ئێران.
ڕێبەری ئێران، خۆشحاڵی خۆی پیشانداوە بەو چالاکی و هەوڵانەی لەلایەن هێزە سەربازی و ئەمنییەکانەوە دەدرێن، داوای لە فەرماندە باڵا سەربازی و ئەمنییەکان کردووە، بەناوی ئەوەوە سوپاسی سەرجەم ئەندامانی هێزە سەربازی، ئەمنییەکان و خانەوادەکانیان بکەن.
جەى دى ڤانس: سەرۆک ترەمپ ڕێگەنادات جەنگى ئێران ببێتە جەنگێکى بێ کۆتایی
ئاماژەکانى دەستپێکردنەوەى جەنگ بەگوێرەى ميدياكانى ئەمریکا و ئیسرائیل