
عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەرى زیندانیکراوى پارتى کرێکارانى کوردستان گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکى نوێ لە ئیمراڵى.
ئەندامێکی شاندى ئیمراڵى دەڵێت، پرۆسەى ئاشتى دوو مانگە وەستاوە و پێویستە لیژنەى ئاشتى سەردانى ئیمراڵى بکات.
میدحەت سانجار، ئەندامى شاندى ئیمراڵى، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵى میدیا هابەر، ئاماژەى بەدوایین پەرەسەندنەکانى پرۆسەى ئاشتى و کۆمەڵگەى دیموکراتى لە تورکیا کرد و ئاشکرایکرد، عەبدوڵا ئۆجەلال گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکى نوێ لە گرتووخانەى ئیمراڵى.
پرۆسەى ئاشتى ماوەى دوو مانگە وەستاوە و وادەى نوێ دیاری کرا بەڵام جێبەجێنەکرا.
دواى هەنگاوەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان، پێویستە لیژنەى ئاشتى و سیاسەت سەردانى ئۆجەلان بکات، تاوەکو پێکەوە هەنگاوى داهاتوو دیارى بکەن، ئەمەش دەبێتە مایەى هێنانە ئاراى کەشێکى نوێ.
گرەنتى بەرەپێشچوونى پرۆسەکە پێویستى بە هەماهەنگییە لەگەڵ ئۆجەلان.
پرۆسەى ئاشتى ناتوانێت بە پشت بەستن بە پێشبینى و داواکاریی تاکلایەنە بەردەوام بێت.
ئەو هەنگاوەى پرسە سەرەکییەکە چارەسەر دەکات دەبێت لەلایەن ئۆجەلانەوە بنرێت.
پرسەکە ئەستەم نییە، بەڵام بۆ تێپەڕاندنى پێویستە لەسەر دەوڵەت دەستبەردارى هەڵوێستە توند و نەگۆڕەکانى بێت.
عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان لە 15ـى شوباتى ساڵى 1999 لە ئۆپراسیۆنێکى هاوبەشى دەزگا هەواڵگرییەکانى تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل لە وڵاتى کینیا دەستگیرکرا و گەڕێنرایەوە بۆ تورکیا، لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا لە گرتووخانەى ئیمراڵى زیندانی کراوە.

