
وەزارەتی بازرگانیى عێراق ڕایگەیاند، سەبەتەیەکى خۆراکى نوێى بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش دەکرێت.
هاوردەکردنى کەرەستە خۆراکییەکان و دابەشکردنی سەبەتەى خۆراک بەردەوام دەبێت.
لوما ئەلموسەوى، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانیی کەرەستەى خۆراک لە وەزارەتى بازرگانیى عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژى یەکشەممە 1ـى تشرینى دووەمى 2026 دەستدەکرێت بە دابەشکردنى گوژمەى حەوتەمى سەبەتەى خۆراکى هاوڵاتییان و سوودمەندانى چاودێریى کۆمەڵایەتى.
پڕۆسەى هاوردەکردنى کەرەستەکانى سەبەتەى خۆراک بەردەوامە.
هەوڵدەدەین لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا هەموو کەرەستە خۆراکییەکان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکەین.
لەگەڵ کۆتاییهێنان بە دابەشکردنى سەبەتەى خۆراکى مانگى تشرینى دووەم، سەرەتاى مانگى داهاتوو گوژمەیەکى دیکەى سەبەتەى خۆراک دابەشدەکرێت.
پڕۆسەى دابەشکردنى سەبەتە خۆراکییەکان هەموو مانگێک بەردەوام دەبێت.
پرۆژەی سەبەتەی خۆراک لە ساڵی 2021وە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەک جێگرەوەیەک بۆ سیستمی کۆنی بەشەخۆراکی مانگانە (کۆبۆن) ڕاگەیەندرا، بە ئامانجی باشترکردنی جۆری ئەو کەرەستە خۆراکیانەی دەگەنە دەست هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر شانی خێزانە کەمدەرامەتەکان. ئەم سیستمە نوێیە ڕێگەی دا بە جێگیرکردنی دابەشکردنی چەندین ماددەی سەرەکی وەک (برنج، شەکر، ڕۆنی خۆراکی، دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەکان) بە کوالێتییەکی بەرزتر، کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە بازاڕە جیهانییەکانەوە هاوردە دەکرێن و لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بەسەر ملیۆنان هاووڵاتی وڵاتەکەدا دابەش دەکرێن.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و گۆڕانکارییە ئابوورییەکان لە عێراقدا، وەزارەتی بازرگانی لە ساڵی 2023وە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، سەبەتەیەکی خۆراکی تایبەت پێشکەش بە سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەکات کە چەند ماددەیەکی خۆراکی زۆرتر و جیاوازتر لە هاووڵاتییانی ئاسایی لەخۆدەگرێت (وەک شیر، ئارد، چا). ئەم هەنگاوە وەک تۆرێکی پاراستنی کۆمەڵایەتی گرنگ دەبینرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا و مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ ئەو چین و توێژانەی کە لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.

