
سەرۆکی مەهەپە ڕایگەیاند، پێشهاتی دڵخۆشکەر لە سووریا و عێراق ڕوودەدەن.
باخچەلی دەشڵێت، چەککردنی گرووپەکان لە عێراق بەرهەمی ناوچەی بێتیرۆرە.
باخچەلی گوتیشی ، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق دەچنە ئاستێکی پێشکەوتووتر
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) ڕایگەیاند، لە سووریا و عێراق پێشهاتی مایەی دڵخۆشی ڕوودەدەن و ئاماژەی بە لێدوانێکی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە گوتبووی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت بڕیارێکی کۆتایییە و گەڕانەوەی بۆ نییە، باخچەلی گوتی: "ئەمە بەرهەمی ناوچەی بێتیرۆرە".
دەوڵەت باخچەلی لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێک لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا باسی لە ژمارەیەک تەوەر لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا، ناوچەکە و جیهان کرد.
پرۆسەی چارەسەریی یاخود تورکیای بێتیرۆر ناکرێت لەچوارچێوەی حساباتی سیاسیی ڕۆژانەکە دابنرێت.
تورکیای بێتیرۆر بابەتێکی ستراتیژیی پەیوەستە بە هێزی وڵاتەکەیان و ئاسایشی نەوەکانی ئایندە.
پێشهاتی دڵخۆشکەر لە سووریا و عێراق ڕوویانداوە.
لێدوانەکەی عەلی زەیدی بەوەی پاشگەزبوونەوە لە چەککردنی گرووپە چەکدارەکان نییە، بەرهەمی ناوچەی بێتیرۆرە.
بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان دەچێتە ئاستێکی زۆر بەرزتر و ئابووری و بازرگانی ناوچەکەش بەرهەمەکەی دەبینن.
مافی وڵاتانی ئەورووپا و هیچ لایەنێکی دیکە نییە دەست لەکاروباری ناوخۆی دوو وڵاتی خاوەن سەروەریی وەربدات.
لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەورووپاشەوە، بە پێویستی زانی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەی کە بە تورکیا و وڵاتانی دیکەی دەڵێت، لەبارەی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکان بە ئەندامەکانی یەکێتییەکەشی بڵێت.
گوتیشی: "ئاژاوە و توندوتیژییەکانی ئەورووپا بەرهەمی تۆوی ئیسلامفۆبیا و دژایەتی کۆچبەرانە کە خۆیان چاندوویانە و ئێستا بەرۆکی خۆیانی گرتووەتەوە".

