
لە کاتێکدا دانوستانى ناڕاستەوخۆ بەردەوامە، بەڵام شەوى ڕابردوو بۆردوومان و هێرش هەبوو.
شەوى ڕابردوو سوپاى ئەمریکا و پاسدارانى ئێران وەڵامى هێرشەکانى یەکدیان دایەوە.
زۆرینەى هێرش و بۆردوومانەکان لە دوورگەی قشم بوون.
لە پێشهاتێکی نوێی سەربازیی نێوان واشنتن و تاران، ئەمریکا گورزێکی لە پێگەیەکی ستراتیژیی ناوخۆی ئێران وەشاند و سیستمەکانی ڕادار و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی لە دوورگەی قشم کردە ئامانج.
ئەمریکا هێرشێکی سنووردار و "بەرگری"ـی کردووەتە سەر دوورگەی قشم لە باشووری ئێران.
دەنگی 5 تەقینەوەی لە دوورگەکە بیستراون.
دوو فڕۆکە لە ئاسمانی قشم سووڕاونەتەوە.
هۆکاری هێرشەکەی ئەمریکا ئەوە بووە کە سەرەتا سوپای پاسداران مووشەکێکی لە دوورگەی قشمەوە ئاراستەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی کردووە لە گەرووی هوورمز.
لە وەڵامدا، فڕۆکەکەی ئەمریکا وەک بەرگری لە خۆی سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکی لە دوورگەکەدا وێران کردووە.
واشنتن چەند هەفتەیەکە هێرشی بچووک و سنووردار دژی ئێران ئەنجام دەدات بەبێ ئەوەی بە فەرمی ڕایبگەیەنێت.
ئەمەش بۆ ئەوەی وا نیشان نەدات کە دەیەوێت جەنگەکە دەستپێبکاتەوە.
ئامانج لەم هێرشانە، ڕێگریکردنە لە ئێران بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە کەناڵی "فۆکس نیوز"ـی ڕاگەیاندووە "هێرشەکە سروشتێکی بەرگری هەبووە و تەنیا وەڵامێک بووە بۆ دەستپێشخەریی ئێران لە تەقەکردن".
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان توانیویەتی درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری "ئێم کیو 9" لە ڕۆژهەڵاتی گەرووی هوورمز بخاتە خوارەوە، هەروەها دەستیان بەسەر دوو فڕۆکەی چاودێریی ئەمریکی لە جۆری "ئێم کیو ئێم 170"ـدا گرتووە لە باشووری دوورگەی قشم.
دوورگەی قشم پێگەیەکی ستراتیجییە و بنکەیەکی ژێرزەویی مووشەکی، بنکەیەکی دەریایی سوپای پاسداران، و وێستگەیەکی سەرەکیی پاککردنەوەی ئاو لەخۆدەگرێت.

