محەممەد سەمعان: کە میوانێک دێت دەڵێن تۆ پارێزگار نیت کە قەیران هەیە دەڵێن تۆ پارێزگاریت

پووختەى هەواڵ

  • کاردانەوەى قەیرانى کارەباى مۆلیدە لە کەرکووک بەردەوامە.

  • دوو شەوى ڕابردوو خۆپیشاندانى هاوڵاتییان و خاوەن مۆلیدەکان کرا.

  • بەهۆى گرانیى سووتەمەنییەوە خاوەن مۆلیدەکان، مۆلیدەکانیان کوژاندەوە.


لە تازەترین پێشهاتدا محەممەد سەمعان، پارێزگارى کەرکووک کە پۆستى وەزیرى دەوڵەتیشى وەرگرتووە، ڕایگەیاند، کاتێک میوان سەردانی کەرکووک دەکات زۆر کەس دەڵێن "نابێت بەرێز محەممەد سەمعان پێشوازییان لێبکات، چونکە پارێزگار نییە بەڵکو وەزیرە. بەڵام کاتێک قەیرانێک ڕوودەدات، هەمووان داوا دەکەن کە ئەو وەک پارێزگار چارەسەری قەیرانەکە بکات".


ناوەڕۆکى ڕاگەیێنراوەکەى محەممەد سەمعان:

  • لەسەردەمی نەجمەدین کەریم، غاز بەبێ بەرامبەر یان بەنرخێکی پاڵپشتی بەسەر خاوەن مۆلیدەکاندا دابەش دەکرا، چونکە عێراق دۆخى باش بوو.

  • پاڵپشتی دارایی بەرچاو بۆ پارێزگار و بودجەیەکی زەبەلاح هەبوو.

  • 150 مێگاوات کارەبا لەلایەن سەرمایەدار ئەحمەد ئیسماعیلەوە بۆ کەرکووک دابینکرا.

  • ئەگەر غازمان بە خۆڕایی وەرگرتبایە، نرخی هەر ئەمپێرێک بە سێ هەزار دینار دەبوو، وەک ئەو کاتە.

  • ئایا ئاگادارن نرخی بەرمیلێک غاز لە سەردەمی ڕاکان جبوری 50 هەزار دینار بووە.

  • لە سەردەمی ڕێبوار تەهاشدا 117 هەزار دینار بووە؟ بەڵام ئەمڕۆ گەیشتووەتە 260 هەزار دینار.

  • سروشتییە کە نرخی هەر ئەمپێرێک دوو هێندە زیاد بکات بەهۆی جیاوازی نرخەوە.

ئامانجى قەیرانەکە بەبۆچوونى محەممەد سەمعان

پارێزگارى کەرکووک بۆچوونى وایە ئامانجی پشت دروستکردنی ئەم قەیرانە ئەوەیە پارێزگارێکی تورکمان بکاتە ئامانج، دەشڵێت "هۆکاری ڕاستەقینەی پشت ئەو قەیرانە کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانى پێدانی کارەبای نیشتمانی و تەرخاننەکردنی غازە بۆ پارێزگای کەرکووک، کێشەکەش لە ئیدارەی خۆجێی کەرکووک نییە، وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت".

محەممەد سەمعان بۆ هاوڵاتییانى کەرکووک:

  • دەنگتان گەیشتووەتە سەرۆکوەزیران.

  • ڕەنگە بڕیارێک دەربکرێت بۆ ڕەوانەکردنی دۆسییەى نرخی مۆلیدە بۆ دەستەی دەستپاکی و لێپرسینەوە لەو کەسانەی لە ئەرکەکانیاندا شکستیان هێناوە.

  • چوارشەممە لیژنەیەک سەردانی کەرکووک دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی قەیرانەکان و دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی نەک ڕووکەش.

  • داواتان لێدەکەم کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن و سەقامگیری پارێزگاکە بپارێزن.

ئەوە لە کاتێکدایە گرانی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان، شەوانى یەکشەممە و دووشەممە خەڵکی هێنایە سەر شەقام، ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاریدا نرخى ئەمپێرێک بکاتە 13 هەزار دینار، بەڵام خاوەن مۆلیدەکان بڕیارەکەیان ڕەتکردەوە و مۆلیدەکانیان کوژاندەوە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

دیمەنى نوێ؛ لە کەرکووک خۆپیشاندانە و مۆلیدەکان کوژێنراونەتەوە

کەرکووک: بەهۆی نەبوونی کارەباوە تاقیکردنەوەکان دواخران

Loading related news...