
پێشنیازى نوێ لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ هاتووەتە ئاراوە.
شاندى هەرێمى کوردستان بەمزووانە بۆ پرسی بەشەبودجە ناچێتەوە بۆ بەغداد.
دۆسییەى نەوت ئاڵنگاریى سەرەکیى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراقە.
بە گوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، بەغداد ئامادەیی دەربڕیوە گۆڕانکارى لە بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان بکات و سازش لەسەر هەندێک لە داواکارییەکانى بکات، بەڵام ئامادە نییە سازش لەسەر دۆسیەکانى نەوت، داهاتى نانەوتی و ئەسیکۆدا بکات و بە هێڵى سووریان دەزانێت.
بەغداد ئامادەیە ماددەى 10 کە تایبەتە بە بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان هەموار بکاتەوە و چەند بڕگەیەکى لاببات.
بەشێک لە بڕگەکان وەک خۆیان دەمێننەوە و بەغداد سازشى تێدا ناکات.
بەغداد ئامادەیە ڕێژە و پشکى هەرێمى کوردستان لە 12.70% زیاد بکات بۆ زیاتر لەسەدا 13%.
ڕەنگە بە 14.14%ش ڕەزامەندى پیشان بدەن ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر دانوساندنەکان.
بەغداد سازش لەسەر 12 تریلیۆن دینارى قەرز لەسەر هەرێمى کوردستان دەکات کە لەماددەى 10ـى پڕۆژەى بودجە داواکراوەتەوە.
سێ تریلیۆن دینارى قەرزى بانکى بازرگانى تى بى ئایە و نۆ تریلیۆن دینارى پارەى تەرازووى پێداچوونەوەى ساڵانى 2014 تاوەکو 2024 ـیە و ئامادەیە ئەو بڕگەیە لاببات.
بەغداد ئامادەیی دەربڕیوە لە بودجەی ساڵی 2027، داواى غازى سروشتى لە هەرێمى کوردستان نەکات، ئەم داواکارییە بۆ بودجەى ساڵى 2028 دوابخات.
لەبەرامبەردا بەغداد لەسەر دۆسییەى نەوتى خاو، داواى 445 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەکات و بۆ ئەوەش لەسەر بنەماى داتاکانى کۆمپانیاى نێودەوڵەتى داتایەکى خستووەتەڕوو، کە هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2027 تواناى 650 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەی هەیە، هاوکات ڕێکخراوى هەناردەکارى نەوت(ئۆپێک) ئاگادارى داتاکانى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستانە و زانیارییان داوەتە بەغداد.
بەهۆى زۆرى ئاڵنگارییەکان و بەربەستەکان لە بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان و قورسى جێبەجێکردنى ماددەى 10 لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە، جۆرێک لە بێ متمانەیی لاى هەرێمى کوردستان دروست بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت لەسەر دۆسیەکانى نەوت و داهاتى نانەوتیی و ئەسیکۆدا قەناعەت بە بەغداد بکەن، کەناڵ8 ئەوەشى زانیوە هەر بەم هۆیەوە بەمزووانە شاند ناچێتەوە بەغداد.
دوایین زانیارییەکان لەبارەى ڕەشنووسى پڕۆژەیاساى بودجە و زیادکردنى پشکى هەرێمى کوردستان
کەناڵ8 ڕەشنووسى ماددەى 10ـى پرۆژەیاساى بودجە تایبەت بە هەرێمى کوردستان بڵاودەکاتەوە
کەناڵ8 پێشنیازێکى نوێ بۆ یەکلاکردنەوەى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە ئاشکرا دەکات
