بەخشینی گومرگی ئۆتۆمبێلی هایبرید و کارەبایی هەڵوەشایەوە

خواست لەسەر ئۆتۆمبێلى کارەبایى زیادیکردووە فۆتۆ؛ حەمە سوور
خواست لەسەر ئۆتۆمبێلى کارەبایى زیادیکردووە فۆتۆ؛ حەمە سوور

پووختەى هەواڵ

  • لە ساڵی نوێوە هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک گومرگ دەکرێت.

  • بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل دەبێت.

  • ڕێنماییەکە لە کاتێکدایە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی هایبرید و کارەبایی زیادیکردووە.


وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کاربەڕێکەری پارتی، بڕیاریدا بە هەموارکردنەوەی ڕێنماییەکانی پەیوەست بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و لەمەودوا هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک لە کاتی هاوردەکردندا گومرگ دەکرێت، بڕیارەکەش کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل دەبێت.


ناوەڕۆکی ئەو نووسراوەی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ واژۆی لەسەر کردووە:

  • ئەو ئۆتۆمبێلانەی تەواو کارەبایین واتە بزوێنەری نییە و بە سووتەمەنی کار ناکەن، بە ڕێژەی 15% گومرگ دەکرێن.

  • ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سیستەمی کارەبا و سووتەمەنی کار دەکەن، واتە هایبریدن، بە ڕێژەی 15% گومرگ دەکرێن.

  • ئەوەی لە ڕێنماییەکەدا وەک خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی تەنیا لە ڕسووماتی تۆمارکردن و ژینگە دەبەخشرێن.

  • ڕێنماییە نوێیەکەی وەزارەتی ناوخۆ لە سەرەتای ساڵی نوێوە جێبەجێ دەکرێت.

گران دەبن

ڕێنماییە نوێیەکەی وەزارەتی ناوخۆ، گۆڕانکاریی زۆری لە گومرگی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلدا کردووە؛ ئۆتۆمبێلێکی هایبرید یان تەواو کارەبایی ئێستا ئەگەر نرخەکەی 10 هەزار دۆلار (واتە یەک دەفتەر دۆلار) بێت، ڕاستەوخۆ هەزار و 500 دۆلار گومرگ دەکرێت و دەچێتە سەر نرخی ئۆتۆمبێلەکە.

لە هەرێمی کوردستان زۆرترین ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید ئەو ئۆتۆمبێلانەن کە دروستکراوی وڵاتی چینن، بۆیە بە گومرگکردنیان نرخی هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.

لە هەرێمی کوردستان و عێراق هیچ کۆمپانیایەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێل نییە، هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکانن لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش وەک سەرچاوەیەکی داهاتە؛ چونکە هەر ئۆتۆمبێلێک کە هاوردە دەکرێت، 15% گومرگ دەکرێت و لە کاتی تۆمارکردنیشی بەگوێرەی پستۆنەکانی ڕسووماتی لێوەردەگیرێت، کە کەمترین بڕی ڕسوومات یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارە.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

وەزارەتى دارایی ماوەى هاوردەکردنى ئۆتۆمبێلى مۆدێل 2024ـى درێژکردەوە

سبەى لێخۆشبوونى گومرگی ئۆتۆمبێلى مایڵد هایبرێد کۆتایی دێت

Loading related news...