
دواى دەنگدان لەسەر ڕەشنووسى بودجە ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران دەکرێت.
ناکۆکییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ لەبارەى بودجەوە چارەسەر نەکراون.
لە ڕەشنووسەکەدا مەرجى قورس بۆ هەرێمى کوردستان دانراون، بەتایبەت لە دۆسییەى نەوت دا.
ڕۆژنامەى سەباحى عێراق لە ژمارەى ئەمڕۆ چوارشەممەدا بڵاوى کردووەتەوە، هەریەک لە وەزارەتەکانى دارایى و پلاندانان ئامادەکردنى ڕەشنووسى پڕۆژە یاساى بودجەى 2027ـیان تەواو کردووە و هەفتەى داهاتوو لە ئەنجوومەنى وەزیران گفتوگۆ و دەنگى لەسەر دەدرێت.
دەبوو لەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەران.
بەڵام کاتی ڕەوانەکردنی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە.
پێدانی کاتی پێویست بە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بژاردەیەکى باشترە.
چارەسەرى کێشەکانى بودجە لە ئەنجوومەنى نوێنەران قورسە.
کۆى خەرجییە گشتییەکان لە پڕۆژەیاساى بودجەدا بە 217 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە، کۆى داهاتیش بریتییە لە 174 تریلیۆن دینار، کورتهێنانى پلاندانراو 43 تریلیۆن دینارە. ماددەى 10 تایبەتە بە هەرێمى کوردستان.
دوێنێ سێشەممە، حەیدەر عەبودى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، هۆکارى دواخستنى پەسەندکردنى بودجەى 2027 بەشێکى پەیوەندی بە داواکارى و پشکى هەرێمى کوردستانە لە پڕۆژە یاساکە.
حکومەتى فیدراڵ، پشکى هەرێمى کوردستانی لە ڕەشنووسەکەدا بە 12.7% جێگیر کردووە، لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان داوا دەکات پشکەکەی بەرزبکرێتەوە بۆ 14.14%، بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی دوایین سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان مامەڵەى لەگەڵ بکرێت.
دوایین زانیارییەکان لەبارەى ڕەشنووسى پڕۆژەیاساى بودجە و زیادکردنى پشکى هەرێمى کوردستان
زانیاریى نوێ؛ پشکی هەرێمى کوردستان زیاددەکرێت و هێڵە سوورەکانیش دیاریدەکرێن
عەبودى: بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان لەوە زیاترە کە خۆیان ئاماژەى پێ دەکەن
